لە خۆپیشاندانەکەی کەلار 14 پۆلیس برینداربوون

20.08.2020

رووداو دیجیتاڵپۆلیسی کەلار رایگەیاند، لەکاتی خۆپیشاندانی دوێنێی شارەکەدا 14 پۆلیسیان بریندار کراون و خۆپیشاندەرانیش بەشێک لە باڵەخانەی قایمقامیەتیان سووتاندووە. موقەدەم عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پۆلیسەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە بەرد بریندار کراون، بەڵام برینی هەموویان سووکە و دوای راپۆرتی پزیشکی و وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە". بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان خۆپیشاندەرەکان هێرشیان کردووەتە سەر بینای قایمقامیەتی کەلار و بەشێکیان سووتاندووە و هێرشیشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە تووشبوانی کۆرۆنا و دەرگا و پەنجەرە و بەشێک لە کەلوپەلەکانیان شکاندووە. لەبارەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانیشەوە گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "هەر شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردووە و دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەلاریش هیچ هاونیشتمانی و خۆپیشاندەرێکمان دەستگیر نەکردووە". هەر لە خۆپیشاندانەکەدا هەندێک لە خۆپیشاندەران کە لەنزیک قایمقامیەت بوون رێگەیان لە ئامبووڵانسێک گرتووە کە نەخۆشی پێبووە. شۆفێری ئامبووڵانسەکە بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە خۆپێشاندەران هێرشییان کردووەتە سەر و بەردیان تێگرتووە و جامی ئۆتۆمبێلەکەیان شکاندووە و رێگەیان نەداوە بڕوات. رۆژی شەممە 2020/08/23 ژمارەیەک لە خۆپیشاندەر لەناو بازاڕی کەلار ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دواکەوتن و لێبڕینی مووچە دەربڕی، دواتر لە نزیک کاژێر 06:00ـی ئێوارە هەندێکیان روویان کردە بینای قایمقامیەتی ئەو شارە و بەشێک لە بیناکەیان سووتاند.

© 2020 Adams reseblogg. Alla rättigheter reserverade.
Skapad med Webnode
Skapa din hemsida gratis! Denna hemsidan är skapad via Webnode. Skapa din egna gratis hemsida idag! Kom igång